• Ammar Goli

بازدان بەسەر کوردایەتی لەپێناو کورد


پارتی دیموکراتیکی گەلان "HDP" لە هەڵبژاردنە خۆجەیەکانی مانگی مارسی تورکیا سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکان توانی قۆناغێکی نوێ لە چۆنیەتی سیاسەت کردن لە تورکیا ببڕێت و پێ بنێتە قۆناغێکی نوێوە. ئەم حزبە کە تا ئێستەشی لەگەڵ بێت وەک پارتێکی کوردی یان پارتیكی لایەنگری مافی کوردەکان لە میدیای مەین ستریم ئاماژەی پێ دەدرێت، لە دوای ئەم هەڵبژاردنانەوە سیاسەتی لە سەر ئاستی هەموو تورکیا رەنگدانەوەی دەبێت و دەبێت بە ئەکتەرێکی گرینگ لە داهاتووی سیاسەت لەو وڵاتەدا.


ئەم پارتە ئەگەرچی تەمەنی کورتە لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیادا، بەڵام بە پشت بەستن بە مێژوویەکی دوور و درێژ لە خەباتی جەماوەری پارتی کرێکارانی کوردستان و هاوکات نزیکەی ٣٠ ساڵ تێکۆشانی یاسایی لە شەقامەکانی باکووری کوردستانەوە تا ناو پەرلەمان لە ئانکارا، ئەم حزبە بە بەرز کردنەوەی گوتارێکی هەمەڕەنگ توانیویە هاوسۆزی بەشێکی زۆری چینە ستەملێکراوەکانی تورکیا وەک کرێکاران، ژنان، نەتەوەکانی ژێر دەست و LGBTQ بۆ لای خۆی راکێشێت و ببێتە دەنگیان لە پەرلەمان ئەو وڵاتەدا.


ئەم بابەتە پێش ئەوەیکە بپرژێتە سەر باسە سەرەکیەکەی کە بریتیە لە شێوازی خەبات و ستراتێژی پارتی دیموکراتیکی گەلان، هەوڵ دەدەات بە ئاماژەیکی کورت بە مێژوو و خەباتی یاسایی پارتە کوردیەکانی پێش هەدەپە، ستراتیژ و جووڵەی سیاسی ئەم حزبە پێشەنگە شرۆڤە بکات.



مێژووی خەباتی پارلەمانتاریستی لە باکووری کوردستان و تورکیا

خەباتی سیاسیی چالاکانی کورد لە باکووری کوردستان بۆ دەستەبەر کردنی مافی یەکسان بۆ نەتەوەی کورد لە ئاستی تورکیا، خەباتێکی دوور و درێژە و رەنگە هەڵە نەبێت گەر بوترێت هەر لە ئان و ساتی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە دەستی پێ کردووە. بەڵام ئەوەیکە لێرەدا مەبەستە تیشکی بخرێتە سەر خەباتی یاسایی حزبیەکەیە کەلە سەرەتاکانی دەیەی ٩٠ زایینی سەدەی رابردووەوە دەستی پێ کردووە. تا پێش ساڵەکانی ٩٠ زایینی چالاکانی کورد زۆرتر وەک تاک و لە ریزی حزبەکانیتردا خۆیان دەگەیاندە پەرلەمانی تورکیا و هەوڵێکی جدی بۆ درووست کردنی حزبێکی یاسایی کوردی لە ئارادا نەبوو. هاوکات بەهۆی پێگەی جیۆپۆلێتیکی تورکیا لە ناوچەکە، وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی ناتۆ بە تایبەت ئەمریکا دژی هەرجۆرە جووڵانەوەیکی سیاسی، جەماوەری یانیش چەکداری دەبوونەوە کە دەسەڵاتی ئانکارای لاواز بکردایە. هاوکات بەرانبەر بە پێشلکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە کەمایەتیەکان و جودابیرەکانیش بێ دەنگیان دەنواند، بۆیە ئەگەریش مەجالێک لە پێش نەوەدەکانەوە بۆ کورد یانیش بزووتنەوە چەپەکان رەخسابێت بە شێوازی جۆراوجۆر لە کوودەتای سەربازیەوە تا راگەیاندنی باری نایاسایی و راوەدوونان هەوڵی لەناوبردنی دراوە.


یەکەم گرووپێک کە بە شێوازێکی جدی هەوڵیان دا لە رێگەی پەرلەمانەوە مافە زەوت کراوەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکەن بریتی بوو لە چەند چالاکی سیاسی ناودار کورد وەک "ئەحمەد تورک، خەتیب دیجلە، ئورهان دۆغان، سری ساکیک، لەیلا زانا، زوبەیر ئایدار". ئەم کەسانە لە رێگەی پارتی سوسیال دیموکراتی گەل "SHP" چوونە پەرلەمانی تورکیاوە. زۆری پێ نەچوو کە لەم حزبە جیابوونەوە و بە دامەزراندنی پارتی رەنجی گەل "HEP" یەکەم فراکسیۆنی "کوردی" پەرلەمانی تورکیایان دامەزراند. ئەگەرچی تەمەنی ئەم حزبە بە هۆی دەستگیر کردنی ئەندام پەرلەمانەکانی کورت بوو، بەڵام بەرنامەکانی زۆرتر بریتی بوون لە هەوڵدان بۆ هەرچی زیاتر دیموکراتیزە کردنی تورکیا، کۆتایی هێنان بە شەڕ لە باکووری کوردستان و هاوکات دەستەبەر کردنی ماف و گەرەنتی کردنی لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا.


دوابەدوای پارتی رەنج، چەندین حزبی تر وەکوو پارتی ئازادی و یەکسانی "ÖZEP" و پارتی دیموکراسی "DEP" لە نێوان ساڵەکانی ٩٣ و ٩٤ لە لایەن چالاکانی سیاسی کوردەوە دامەزران کە هەموویان لە لایەن دەوڵەت و دادگای یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەوە داخران و هاوکات بەشێکی زۆری چالاکان و ئەندامەکانیان لەسەر ئاستی کوردستان لە لایەن تیمە نهێنیەکانی سەر بە سوپای تورکیا و دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتەوە بێ سەرووشوێن کران. ئەم دوو حزبەش لەسەر رێچکەی پارتی رەنجی گەل و بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کورد دامەزرابوون و جیاوازیەکی ئەوتۆ لە شێوازی خەبات کردنیاندا بەدی نەهات.


دادگای پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی/ لە راستەوە ئەحمەد تورک، لەیلا زانا، ئۆرهان دۆغان، مەحموود ئالناک، خەتیب دیجلە، سەلیم ساداک، سری ساکیک

پارتی دیموکراسی گەل "HADEP" بە سەرەتایەک دەبینرێت لە وەرچەرخانی سیاسەت لە ڕووی ئاستی پەیڕەو و پرۆگرامی لە نێو حزبەکانی باکووری کوردستاندا. ئەم حزبە ئەگەرچی هەڵگری هەمان درووشمەکانی پارتەکانی پێشووی خۆی بوو، بەڵام هاوکات هەنگاوێکی سەرەتایی بە ئاڕاستەی نەتەوەکانی دیکەی تورکیا و بە تایبەت نەتەوەی تورکدا لە ژێر درووشمی " برایەتی گەلان"دانا. هەر بۆیە لە ماوەی ٨ ساڵ تەمەنی ئەم حزبەدا سەرەڕای بوونی شەڕێکی هەمەلایەنە لە کوردستاندا، بەڵام هاوکاری لەگەڵ زۆرێک لە رێکخراوە چەپ و دیموکراتەکانی تورکیا چ لەسەر ئاستی هەرێمی و چ لەسەر ئاستی تورکیا وەک ئامانجی حزبەکە کاری بۆ کرا. بەڵام سەرەڕای هەموو هاوکاریەکان، نەیتوانی بەربەستی ١٠ لە سەدی پەرلەمان ببەزێنێت و بچێتە پەرلەمانەوە و تەنیا توانی لە ئاستی هەڵبژاردنە خۆجیییەکاندا سەرکەوتن بەدەست بێنێت. ئەم حزبە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن دادگای یاسای بنەڕەتی تورکیاوە بە بیانووی هاوکاری کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان داخرا و جێگەی خۆی دا بە پارتی گەلی دیموکراتیک "DEHAP".


وەک پێشتریش وترا، پارتی دموکراسی گەل هەنگاوێکی جدی لە پێناو خەباتی سەرانسەری لە تورکیادا و کاریگەری لەسەر رای گشتی ئەو وڵاتە هەڵێنابوو، بەڵام لە راستیدا ئەوە پارتی گەلی دیموکراتک بوو کە هەنگاوی کرداری لەو پێناوە هەڵێنا. ئەم پارتە لە هەڵبژاراردنە گشتیەکانی ساڵی ٢٠٠٢ لەگەڵ کۆمەڵێک رێکخراو و پارتی تورکیا بە بلۆکێک چوونە هەڵبژاردنەکانەوە. ئەگەرچی ئەم بلۆکە بە بەراوەرد بە پارتی دیموکراسی گەل رێژەی دەنگەکانی لە سەدا ٥٠ زیادی کرد و لە کوردستان بوو بە حزبی یەکەم و هاوکات لە ناوچەگەلێک وەکوو قوونیا، ئانکارا، ئادانا و ئێستانبووڵ دەنگێکێ باشی هێنا، بەڵام تەنیا ٦ لەسەدی دەنگەکانی مسۆگەر کرد و نەچووە پەرلەمانەوە. ئەم پارتەش ساڵی ٢٠٠٥ قەدەغە کرا و داخرا.


دوابەدوای نسکۆی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٢ کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان، داخرانی ئەم پارتە و دامەزراندنی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک "DTP" و پارتی ئاشتی و دیموکراسی "BDP" وهەتا دامەزراندنی پارتی دیموکراتیکی گەلان "HDP"، سیاسەت، تاکتیک و ستراتێژی پارتە کوردیەکان بریتی بوو لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان وەک بەربژێری سەربەخۆ. ئەم ستراتیژەی کوردەکان سێ ئامانجی سەرەکی لە پشتەوە بوو. یەکەمیان ئەوە کە بۆ گەشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانی پارتەکەیان دەبوایە بە هەرجۆرێک بووە خۆیان بگەیەننە ناو پەرلەمان و لەو هەلانە کە بۆیان دەڕەخسێ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان کەڵک وەرگرن. هاوکات تەنیا لەو رێگەیەوە دەکرا بەشێک لە پڕۆپاگەندەی دەسەڵات دژ بەوان و هاوکات سانسۆڕی راگەیاندنی لەسەر خۆیان کۆتایی پێ بهێنن. هاوکات، هەر لە رێگەی پەرلەمانیشەوە دەستیان دەگەیشتە ڕای گشتی تورکیا و دەیانتوانی کاریگەریان لەسەری هەبێ. هەروەها بە ڕەواندنەوەی ئەو ترس و بانگەشە ناڕاستانە لە ئاست پرسی کورد بانگەشەیان بۆ دەکرا، بتوانن لە داهاتوودا لە رێگەی سازدانی پارتێکی چەترئاسا ببن بە دەنگی گەلانی تورکیا و سەنگیان لە داڕشتنی سیاسەت لەو وڵاتەدا هەبێت. هەر بۆیە پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک و دوابەدوای ئەویش پارتی ئاشتی و دیموکراسی لە رێگەی کاندید کردنی بەربژێری سەربەخۆ توانیان دوای زیاتر لە ١٢ ساڵ بۆ جارێکیتر بچنە پەرلەمانەوە.


ئەم ستراتیژە سەرەڕای هەموو رخنەکان، بەڵام بە خێرایی بووە مایەی ڕەواندنەوەی ترسەکان و هاوکات دەستپێکێکی نوێ لە پرسی کورددا. چالاکانی سیاسی کورد، هەر لە سەرەتاکانی دەیەی ٩٠ی سەدەی رابردوو و لە میانەی بەشداری کردنیان لە وتووێژەکانی ئاشتی نێوان تورگوت ئوزاڵ و عەبدوڵا ئۆجەلان لە گرینگی و سەنگی پەرلەمان چ لە ئاستی کۆمەڵگا و چ لەسەر ئاستی دەوڵەت تێگەیشتبوون. هەر بۆیە بەزاندنی بەربەستی هەڵبژاردن خۆی لە خۆیدا دەسکەوتی گرینگی بەدوای خۆیدا ئەهێنا. ستراتێژی ئەم دوو حزبە دوای چوونە ناو پەرلەمانەوە دیسان وای کرد کە دوای نزیکەی ١٦ ساڵ جارێکیتر پرۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستان بکەوێتە ڕۆژەڤەوە. ئەم ستراتیژە لەو رووەوە پێویست بوو کە هە لە سەرەتاکانی دەیەی ٩٠ و دوای شەڕێکی قورسی ٨ ساڵە هەم دەوڵەت بە سەرۆکایەتی تورگوت ئۆزاڵ و هەمیش سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان گەیشتبوونە ئەو قەناعەتە هەیچ یەک لەو دوو لایەنە لە توانایدا نیە بە شەڕ لایەنی بەرانبەر ببەزێنێت و بگاتە ئامانجە سیاسیەکانی. هاوکات ئەو شەڕە گوشارێکی یەکجار زۆری خستبووە سەر ئابووری تورکیا، تورکیایەک کە تازە خەریک بوو خۆی لە میراتی کوودەتاکەی ساڵی ٨٠ و حوکمی عەسکەر رزگار دەکرد و بانگەشەی سەرهەڵدانەوەی دیموکراسی و حوکمی قانوونی لە وڵاتدا دەکرد. بەڵام قەناعەتی یەکجارەکی لایەنی دەوڵەت جیا لە ئیرادەی سەرۆک کۆمار، پێویستی بە هاندەرێک بوو، هاندەرێک کە بتوانێت باسێکی بڤە وەکوو پرسی کورد بباتە ناو رای گشتی تورکیاوە و دەوڵەت بتوانێت لە پەنایدا دەستی ئاشتی درێژ بکاتەوە. لەو رووەوە بوو کە چوونی پەرلەمانتارە کوردەکان توانی سەهۆڵی باس کردنی پرسی کورد تا ئاستێک بتوێنێتەوە. لە ئاکامیشدا دیسان بە سەرکوتی پەرلەمانارە کوردەکان و هاوکات مردنی گوماناوی ئۆزاڵ پێشیان بە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی گرت.


ئەمانەتەکەی ماهێر چایان

رێبەری بەند کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە میانەی پەیامێکدا بۆ کونگرەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە ساڵی ٢٠١٣دا دەڵێت "من لەسەر رێبازی ماهێر چایان دەستم دایە تێکۆشان. ئەوە ٤٠ ساڵە لەسەر رێبازی تێکۆشانەکەی ماهێر چایان خەریکم درێژە بە خەبات دەدەم. ئەوەی کە ماهێر تەسلیمی منی کرد ئەمانەتێک بوو و لەو ٤٠ ساڵەدا بە باشترین شێوە پارێزگاری ئەو ئەمانەتەم کرد. ئێستاش ئەو ئەمانەتە تەسلیمی ئێوە ئەکەم."


ماهێر چایان

ئەم پەیامەی ئۆجەلان و ئاماژەدان بە تێکۆشەرێکی گیانبەختکردووی کومونیستی تورک ئاماژەیەکی گرینگە لە چۆنیەتی خەبات لە نێو بزووتنەوەی سیاسی لە باکووری کوردستان. هاوکات دیزاینی کاندیدەکانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی لە ساڵی ٢٠١١ و کاندید کردنی کەسانێک وەک ئەرتۆغرۆڵ کوروکچو و سری سورەیا ئۆندەر بە روونی سیاسەتی قۆناغ بە قۆناغی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان بەرەو ئاڕاستەی سیاسەتێکی هەمەلایەنە و بەرفراوانتر لە هەرێمە کوردیەکانمان بۆ نەخش ئەکات. هاوکات ئاماژەیکی پەتیە بە خەتێکی سیاسی کە خۆی لە چوارچێوەی سیاسەتێکی هەرێمایەتی "کوردایەتی" قەتیس ناکاتەوە و سەرەڕای ئامانجە سەرەتاییەکان، هەنگاوی هەڵێناوە بۆ کاریگەری لەسەر جەماوەرێکی زۆرتر. نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە ئەم ستراتیژە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە سیاسەت و خەتی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ژێر ناوی "پرۆژەی کونفدرالیزمی دیموکراتیک"”. بۆیە بەبێ خوێندنەوەیەکی قووڵ لە پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و هاوکات گۆڕانکاریە سیاسی و ئایدۆلۆژیەکانی نێو پارتی کرێکارانی کوردستان، رەنگە نەتوانرێت سیمایەکی راستەقینە لەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت پیشان بدرێت.


پارتی دیموکراتیکی گەلان لە ئۆکتۆبری ٢٠١٣ یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست و وەک ئاماژەیەکی گرینگ یەک لە هاوڕێکانی ماهێر چایان و چالاکی چەپی ناسراوی تورکیا ئەرتۆغرووڵ کورکچوو لەگەڵ سەباحەت تونجەل وەک هاوسەرۆکانی ئەو حزبە هەڵبژێردران. کورکچوو لە وڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ هاوکاری بزووتنەوی کورد و رێکخراوە چەپەکان و هاوکات سیاسەتی گشتی پارتە نوێکە دەڵێت: "ئێمە پێداگری لەسەر سووسیالیزم دەکەین. مرۆڤایەتی ناتوانێت لەگەڵ سەرمایەداری بژی". ئەمە ئاماژەیەکی روون بە خەتی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان و عەبدۆڵا ئۆجەلانە.


ئەم ستراتیژە نوێیە و بازدان بەسەر "کوردایەتی"دا، هاوکات بووە هۆی ناڕەزایەتی بەشێک لە سەرکردەکان و جەماوەری لایەنگری ئەم حزبە. هاوکات لە بەشەکانی تری کوردستان بە تایبەت رۆژهەڵات و باشووری کردستان کەوتە بەر رخنەی لایەنە ناسیونالیستەکان. لە سەر ئاستی ناوخۆی ئەو حزبە، یەک لەو کەسانەی کە دژایەتی زۆری هەنگاوە نوێکەی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان کرد "ئاڵتان تان" پەرلەمانتاری باڵی ئیسلامی ئەو حزبە بوو. دواجار ئەو پەرلەمانتارە لە ریزەکانی هەدەپە جیا بووەوە و چووە ریزەکانی پارتی سەعادەتەوە.


هەنگاو بەرەو پەرلەمان

پارتی دیموکراتیکی گەلان لە ژێر رۆشنایی وتووێژەکانی ئاشتی و هاوکات پێشکەوتنەکانی رۆژئاوا و کەشی ئارامی تورکیا لە دوو ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ توانی بگاتە بەشێک لەو ئامانجە دیاریکراوانەی کە لەمێژبوو بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو. ئەم حزبە ئامانج لە دامەزراندنی خۆی وەک گرێدرانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان و هاوبیرانی لە رۆژئاوای تورکیا، ڕاکێشانی سەرنجی دەنگدەرانی چەپ، کرێکاران، ژنان، چەوساوە، پەراوێزخراوان و کەمایەتییە ئایینی، رەگەزی و نەتەوەییەکان لە سەرانسەری تورکیا ڕاگەیاندووە. بۆیە پانتاییەکی زۆر گەورەتر لە کوردستانی کردووەتە ئامانجی درووشمەکانی و هەوڵ دەدات لە رێگەی پێشکەش کردنی پەیامێکی یەکانگیر سەرنجی ئەوان بۆ لای خۆی راکێشێت.


گوتاری هەمەلایەنەی ئەم حزبە و هاوکات کاریزمای بەشێک لە رێبەرەکانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاشو سری سورەیا ئوندەر بۆ بزووتنەوە ئاڵتێرناتیڤەکانی تورکیا و گەنجانی ئەو وڵاتە، بەرە بەرە ئەم حزبەی لای جەماوەری رۆژهەڵاتی تورکیا ناساند. بە تایبەت هەڵوێستەکانی هەدەپە و رێبەرانی سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی پارکی گەزی، کوژرانی کرێکارەکانی کانزای سۆما و هەڵوێستەکانیان دژ بە دەسەڵاتی ئاک پارتی وای کرد ئەو ترسەی کە دەیان ساڵ دەوڵەتی ناوەندی و سوپای ئەو وڵاتە لە ژێر ناوگەلێک لە چەشنی جوداخواز و تیرۆریست کەمتر بێتەوە و دەنگی بەشێک لە جەماوەری کوردستان بگات بە چینی ناوەندی رۆژهەڵاتی تورکیا وتوێژی دیموکرات.


بەڵام سەرەڕای تەواوی دڵخۆشیەکان و کەشی لەبار و ئارامی تورکیا و بەرەوپێشچوونەکان لە پرۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەت و پارتی کرێکارانی کوردستان، دیسانیش ئەو ترسە هەبوو کە رەنگە هەدەپە هێندەش کە دەوترێت لای توێژی دیموکراتی تورکیا خۆشەویست نەبووبێ، بەتایبەت کە راپرسیەکانی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵی ٢٠١٤ زۆربەیان دوودڵ بوون لەوەیکە هەدەپە بتوانێت بەربەستی ١٠ لە سەدی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە مانگی ئابی ٢٠١٤ وەک یەکەم ئەزموونی گرینگی هەدەپە لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا ئەو ترسانەی ڕەواندەوە. لەو هەڵبژاردنە دەمیرتاش توانی ٩.٨ لە سەدی دەنگەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بۆیە تا ئاستێکی زۆر هەم ئەم پارتە و هەمیش لایەنگرانی دڵنیا بوونەوە کە بەربەستەکە تێدەپەڕێنن.



هاوکات هەڵوێستە نەگۆڕەکانی ئەم پارتە و سەرۆکە گەنجەکەی دژ بە دەسەڵات و ئەردۆغان رۆڵێکی یەکجار گەورەیان لە گەشەی ئەم حزبە هەبوو. زۆرێک لە شرۆڤەکارانی بناژۆخواز و هاوکات لایەنی ئیسلامی ناو هەدەپە هاودەنگ نەبوون لەگەڵ هەڵوێستە گشتیەکانی ئەو حزبە. زیاتر لە روانگەیەکی پراگماتیستیەوە و جارجاریش لە روانگەیکی هەلپەرەستانەوە خوازیاری کارکردن لەگەڵ ئاک پارتیدا بوون. ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە دەکرێت هەر وەک پرۆسەی ئاشتی، لەسەر ئاستی سیاسی و حوکمڕانیشدا وەک شەریکێک چاو لە ئاک پارتی بکرێت، بۆیە خوازیاری ئەوە بوون کە لە گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی کۆماردا پشتگیری ئەردۆگان و پارتەکەی بکرێت. لەبەرانبەردا و لە کورتترین کۆبوونەی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەماندا هاوسەرۆکی ئەو کاتی هەدەپە بە ڕستەیەکی زۆر کورت بەڵام کاریگەر وڵامی ئەو باڵانەی ناو حزبەکەی و هاوکات تۆمەتی پارتەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن وەک جەهەپەی دایەوە. دەمیرتاش روو لە ئەردۆغان وتی: "ناتکەین بە سەرۆک". ئەم وڵامە کورتە، هاوکات لەگەڵ کاریگەری زۆری لەسەر بەردەنگە دوودڵەکانی هەدەپە و چینی ناوەندی شاری، دەرخەری هێڵە گشتیەکانی سیاسەت و هاوکات ئەخلاقی سیاسی لەو حزبەدا بوو و دەمیرتاش بە کورتی رایگەیاند ئەو هێڵانە سازشیان لەسەر ناکرێت.


ئەم هەڵوێستانە و کۆمەڵێک هۆکاریتر وەک هێرشەکانی پارتی داد و گەشە پێدان و سەرۆکەکەی بۆ سەر هەدەپە و وێنا کردنیان وەک کافر، بووە هۆی ئەوە کە لە هەڵبژاردنی مانگی حوزەیرانی ٢٠١٥ هەدەپە بە بەدەست هێنانی ١٣.١ دەنگەکان نەتەنیا بەربەستی هەڵبژاردن ببەزێنێت، بەڵکوو دوای ١٣ ساڵ کۆتایی بە دەسەڵاتی تاک حزبی ئاک پارتی بهێنێت. ستراتیژەکەی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان و هاوپەیمانە چەپ و دیموکراتەکانیان لە رۆژئاوای تورکیە سەرکەوت و ئەم سەرکەوتنە بەجۆرێک بوو کە تەنانەت گرتنی زیاتر لە ٨ هەزار ئەندام و لایەنگری ئەو حزبە، لەکار لادانی سەرۆک شارەوانیەکان، وێران کردنی چەندی شار و دەیان گوند لە لایەن سوپای تورکیاوە و هاوکات تەنانەت گرتنی هاوسەرۆکە خۆشەویستەکەی نەبووە هۆی نسکۆی ئەم حزبە.


"تۆڵە بە سەبرە، بەڵام بە زەبرە!"

پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشە پێدان پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ هیوادار بوو کە بتوانێت پرۆسەی ئاشتی بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت. بە جۆرێک کە ئەردۆغان بەپێچەوانەی خوێندنەوەی لایەنی کوردی زیاتر وەک کەرەستەیەک بۆ بەردەوام بوون لە دەسەڵات و هاوکات دەس خستنی قەڵای جەماوەری هەدەپە لە باکووری کوردستان دەیڕوانیە وتووێژەکانی ئاشتی. بەڵام رێڕەوی رووداوەکان لە رۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی کۆبانێ حەماسەتی جەماوەری باکوور بۆ بەرنگار بوونەوەی داعش، ئەوەی بۆ ئاکەپە روون کردەوە کە هەرچی وڵات ئارامتر و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆرتر ببێت، خەڵک نەک لە رۆژهەڵاتی تورکیا بەڵکوو تەنانەت لە رۆژئاوای تورکیا بە دوای دەنگی جیاواز و نوێدا دەگەڕێن کە لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت. لەم سونگەیەوە ئاک پارتی و بەتایبەت ئەردۆغان هەستیان بە مەترسی کرد و سەرەڕای بەرەو پێشچوونی باش لە وتووێژەکان لەگەڵ لایەنی کوردی بە ئاشکرا دژی وستانەوە و تەنانەت بۆ ڕاکێشانی دەنگی لایەنە رەگەزپەرەستەکان، دژایەتی بەیانی دۆڵمە باخچەی راگەیندراو لە لایەن خۆیانیانەوە کرد.


ترسی ئاک پارتی وەک حزبێکی بناژۆخواز بێ هۆ نەبوو، هەدەپە حزبێکی تازە بونیاد نراو لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠١٥ قەڵای ١٣ ساڵەی حوکمڕانی ئاک پارتی تووشی ئاستەنگیەکی گەورە کرد و بەردەوامی دەسەڵاتی بۆ ئەوان خستە مەترسیەوە. هەر لە پێناو ئەم دەسەڵاتە دەستیان دایەوە قومارێکی گەورە و قۆناغ بە قۆناغ گوشارەکانیان لەسەر هەدەپە و باکووری کوردستان زۆرتر کردەوە بەو هیوایە کە مەترسیەکان بڕەوێننەوە. هەر لەو پێناوەدا ئاک پارتی هەموو ئامرازێکی بۆ نسکۆهێنان بە هەدەپە بەکار هێنا، لە گرتن و راوەدوونانی چالاکان و ئەندامانی ئەو حزبەوە بگرە تا شەڕ و کاولکاری و سانسۆڕی هەمەلایەنەی ئەو حزبەوە. بەڵام ئەم حزبە لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ و ساڵی ٢٠١٨ دیسان توانی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت و مەترسیەکان لەسەر حزبی دەسەڵاتدار هەر مانەوە. هاوکات لەو هەڵبژاردنەوە پارتی دەسەڵات بە هۆی ترسی لە دەس نەخستنی رێژەی پێویست لە پەرلەمان، بووەتە هاوپەیمانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی.


هاوکات لەگەڵ ئاک پارتی، هەموو پارتەکانی تری تورکیاش لە ترسی پارتی دەسەڵات و پڕۆپاگەندەکانی ئامادە نەبوون لەگەڵ هەدەپە بچنە هاوپەیمانیەوە. ئەم ترسە وای کرد کە ئەردۆغان بە ساختەکاری و هاوکات یەک دەنگ نەبوونی لایەنی بەرامبەر یاسای بنەڕەتی لە قازانجی مانەوەی خۆیدا بگۆڕێت و جارێکیتر ببێتەوە سەرۆک کۆمار. هەر ئەم هەلوومەرجانە هۆکار بوون بۆ ئەوەیکە هەدەپە لە میانەی ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٨ جیا لە سەقامگیر کردنی پێگەی خۆی ئەکتێکی وەهای نەبێت و نەتوانێت بەرەنگاری دەسەڵات بێتەوە. مەتەڵێکی کوردی دەڵێت "تۆڵە بە سەبرە، بەڵام بە زەبرە!"، ئەمە حەکایەتی ئەم رۆژانەی پارتی داد و گەشە پێدانە.


ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو بەربژێر پارتی کۆماری گەل بۆ شارەوانی ئێستانبووڵ،ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا

ستراتێژی هەدەپە بۆ دەستنیشان نەکردنی بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە شارە گەورەکانی رۆژئاوای تورکیا تاقی کردنەوەیکی گرینگ و چوونە ناو قۆناغێکی نوێ لە سیاسەت کردن و نمایش کردنی هێز بوو لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا. لێرەدا چەندین هۆکار هەدەپەی هاندا کە کاندید بۆ شارە گەورەکانی تورکیا پێشکەش نەکات:


یەکەم هۆکار ئەو راستیەیە کە ئەم حزبە لە توانایدا نیە رەکابەری حزبەکانیتر وەکوو ئاک پارتی و پارتی کۆماری گەل لەو شارانە بکات.

دووهەم بە پێشکەش نەکردنی کاندید دەیتوانی زیاتر تەرکیز بکاتە سەر ئەو ناوچانە کە شانسی بردنەوەی زۆرترە.

سێهەم هۆکار هەوڵیدا لەم رێگەیەوە سەنگی خۆی لە یەکلا کردنەوەی براوە لە رۆژئاوای تورکیەدا تاقی بکاتەوە.

چوارەم هۆکاریش دەتوانێت ئەوە بێت کە گەلۆ دەتوانێت لەو رێگەیەوە هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە لە دەسەڵات لاواز بکات


ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە روونی سەنگی هەدەپەی لە رۆژئاوای تورکیادا پیشان دا و لە ئێستادا پارتی دەسەڵاتدار لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە کەوتووەتە دۆخێکی زەحمەتەوە. ئەم پارتە سەرەڕای هەندێ سەرکەوتنی گوماناوی لە کوردستاندا لە ژێر هەلوومەرجی توندی ئەمنی و سەربازیدا، سەرجەم شارە گەورەکانی تورکیای دۆڕاند. ئاکامەکان هاوکات لەو رووشەوە گرینگن کە ئاک پارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار پێشتر هەڵبژاردنە خۆجەیەکانیان وەک "رێفراندۆمێک" بۆ دەسەڵاتی خۆیان وێنا کردبوو و هاوکات ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردبوویەوە کە “هەرکەس ئیستانبوڵ بدۆڕێنێ، تورکیای دۆڕاندووە".


ئەم تاکتیکە هاوکات لەگەڵ دەسکەوتەکانی، لە کۆمەڵگای کوردیدا کەوتە بەر رخنەی بڕێک لە چاودێران و پارتە سیاسیەکان؛ بەتایبەت چالاکانی سیاسی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. زۆربەی ئەو رخنانە کە ئاڕاستە کراون دەکرێت لە چاورچێوەی چەمکی "کوردایەتی"دا پۆلینبەندی و خوێندنەوەیان بۆ بکرێت. بۆ نموونە بەشێک لە رخنەکان بە ئاماژەدان بە مێژووی کۆماری تورکیا و رۆڵی پارتی کۆماری گەل جەهەپە لە قەڵاچۆ کردنی گەلی کورد و بزووتنەوەکانی لە باکووری کوردستان هاوکاری "ناڕاستەوخۆی" ئەو حزبە لە لایەن هەدەپەەوە بۆ بردنەوەی شارەوانی ئێستانبووڵ وەک "سیاسەتێکی شکست خواردوو"، "خزمەت بە تورک" و بڕێجاریش وەک "خیانەت" لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی کورد و قوربانیانی ناوزەد دەکات. لە راستیدا ئەم رخنانە زیاتر لەوەیکە خوێندنەوەیکی تیۆریک بە چوارچێوەیکی زانستی بێت زۆرتر کاردانەوەگەلێکن یا لە رووی هەستەوە دەردەبڕێن یانیش گرێدراوی رەکابەری حزبین لە کوردستان. لە درێژەی ئەم بابەتەدا زیاتر تیشک دەخرێتە سەر ئەو دەسکەوتانەی کە هەدەپە لە دوایین هەڵبژاردندا دەستی خستووە و هاوکات دەپرسین گەلۆ ئەم تاکتیکە دەتوانێت ببێتە هۆی زۆرتر بوونی هێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر هەدەپە؟


وەک پێشتریش ئاماژەی پێ کرا یەکەم دەسکەوتی ئەم ئەزموونە، دەرخستنی کاریگەری جەماوەری هەدەپە لە یەکلا کردنەوەی براوەی هەڵبژاردنەکان لە شارە گەورەکان بوو. بۆیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەدەپە دەتوانی کەڵک لەم ئامرازە و جەماوەرەکەی لە رۆژئاوای تورکیادا بۆ بەرەو پێش بردنی سیاسەتەکانی کەڵک وەر گرێت.


هاوکات هەدەپە بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ ناکۆکیەکانی نێو حزبی دەسەڵاتداری زۆرتر کردووەتەوە. تا پێش هەڵبژاردنە خۆجەیەکانی ٣١ مارس لایەنە ناڕازیەکانی ناو ئاک پارتی بە دەگمەن دەنگی ناڕەزایەتیان هەڵدەبڕی، بەڵام دوای نسکۆی باڵی ئەردۆغان، ورەیان گرتووە و وەک داوود ئۆغڵوو و عەبدۆڵا گوڵ بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغان نواندووە. هەروەها ئەردۆغان کە ئێستە لە پێگەیکی لاوازەوە دەدوێت بە فەرمی باس لە مەترسیەکان و تەنانەت جیابوونەوەی باڵی داوود ئۆغڵوو-گوڵ و باباجان دەکات و هەڕەشەیان لێ دەکات. لە ئێستاشدا کە بە زەختی سەرۆک کۆمار و ئاک پارتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەڵبژاردنەکەی ئێستانبووڵی بەتاڵ کردووەتە ناکۆکیەکان رووی لە هەڵکشانە و لێکترازانی نێو ریزەکانی ئاک پارتی و لەت بوونی بووەتە مژارێکی گەرمی راگەیاندنەکان.


یەکێکی تر لە دەسکەوتەکانی ئەم تاکتیکە بەرز کردنەوەی لایەنی مەیلەو دیموکراتی نێو پارتی کۆماری گەل بە رێبەرایەتی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو سەرۆک شارەوانی گەورە شاری ئیستانبوڵە. جەهەپە تا پێش ئەم هەڵبژاردنە لە ترسی لایەنگرە توندڕەو و نەتەوە پەرەستەکانی خۆی بە فەرمی دانی بە پەیوەندیە نهێنیەکانی لەگەڵ هەدەپە نەدەنا و تەنانەت خۆی لە درووست کردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هەدەپە دەبوارد. بەڵام دوابەدوای ئەم هەڵبژاردنە بەشێکی زۆری رێبەرانی ئەو حزبە بە ورەیەکی زۆرترەوە باس لە کاریگەری جەماوەری هەدەپە لە بردنەوەی هەڵبژاردندا دەکەن. تەنانەت ئیمام ئۆغڵوو سەبارەت بە دێمیرتاش دەڵێت "زۆر سەرسامم بە هێڵە گشتییەكانی سیاسەتكردنی. لەڕاستیدا كەسێكی ئاشتیخواز، دانوستاندنكار و خاوەن بەها نیشتمانییەكانە، زمانی سیاسەتیشی لەم روانگەیەدا بەكاردەهێنا."


ئەم تاکتیکەی هەدەپە هاوکات دەتوانێت ببێتە هۆی زۆرتر بوونی هێرشەکانی پارتی داد و گەشە پێدان و ئەردۆغان. بەرپرسانی ئەو حزبە رۆژانە لە میدیاکانەوە بە وتنی "هەدەپە لە پشت بردنەوەی جەهەپەدا بوو" هەڕەشەی تۆڵە کردنەوە دەکەن. بەڵام ئایا هەڕەشەکان دەتوانن کاریگەر بن؟ لە راستیدا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا پارتی دەسەڵاتدار ئەوەی کە لە توانایدا بوو بۆکۆتایی هێنان بە هەدەپە درێغی نەکرد، بەڵام دیسانیش سەرەڕای هەموو کێشەکان هەدەپە توانی سەرکەوێت. تەنیا ئامرازێک کە ئاک پارتی و ئەردۆغان دژ بە هەدەپە کەڵکیان لێ وەرنەگرتووە دادگای یاسای بنەڕەتیە بۆ قەدەغە کردنی ئەم پارتە. بەکار هێنانی ئەم ئامرازەش دژ بە هەدەپە وەک پارتەکانی پێش ئەو زۆر ئاسان نیە، هەدەپە ئێستا خاوەن زیاتر لە ٦ ملیۆن دەنگە و بەشێکە لە گەمەی سیاسی ئەو وڵاتە. هاوکات ئاکامەکانی ئەگەری گرتنەبەری هەنگاوێکی لەوجۆرە دەتوانێت دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوخۆی تورکیا و کوردستان بە ئاقارێکی مەترسیداردا ببات.

  • Grey Facebook Icon
  • Grey Twitter Icon